Fakhradin Ibrahim Mohammad
11 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2022
هەولێر - AA
دوای پێکدادانەکانی نێوان دوو لایەنی شیعە لە عێراق کە کوژرانی ٣٠ کەس و برینداربوونی ٧٠٠ی دیکەی لێکەوتەوە، رەوتی سیاسیی لەو وڵاتە، ئاراستەیەکی جیاوازی گرت.
هەرچەندە چاوەڕوانی پێکدادان لەنێوان شیعەکان گەریمانەیەکی زۆر دوور نەبوو و کۆمەڵگای عێراق ژمارەی پێچەوانەی بۆ ئەو دۆخە دەستی پێ کردبوو، بەڵام راگرتنی شەڕەکە سوپرایزێک بوو کە هەواڵەکە لە زمانی خودی موقتەدا سەدرەوە راگەیەندرا.
یەک کاتژمێر ماوەی مۆڵەتێک بوو کە موقتەدا سەدر دای بە لایەنگرانی خۆی کە هەموو شتێک وەک فیلمێک بگەڕێندرێتەوە شوێنی یەکەم و کۆی یارییەکە لە دەستپێکەوە جارێکی دیکە لێبدرێتەوە.
هەموو گریمانەکان دروستن لەسەر ئەوەی رەنگە سەدر هەستی پێ کردبێت کە زیانمەندی یەکەم گەلی عێراق و خودی خۆی بن، بەڵام ناسینەوەی کارەکتەری سەدر ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەستەمە ئەوەندە بە ئاسانی بچێتە ژێر بارێکی نەخوازراو، ئەگەر دۆخێکی جیاوازی بۆ نەخوڵقابێت، ئەوەش رێککەوتنێکی ژێربەژێری شیعەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.
- دانوستانی دوای شەڕ، نەریتێکی سەدری
بە پێچەوانەی ئەو کارەکتەرە توندەی کە سەدر لە خۆی نیشانی دەدات، بەڵام کردەوەکانی بەدەری دەخات کە ئەو بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانی لە پاڵ شەڕ و توندوتیژی، دانوستانیش لە فەرهەنگیدا هەیە. سێ نموونە ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە کە دانوستانی دوای شەڕ، نەریتێکی سەدرییەکانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
٢٠٠٤ ساڵێکی پڕ لە کێشمەکێش بوو لە عێراق، کاتێک سوپای مەهدی سەربە رەوتی سەد بە بڕیارێک شەڕیان دژبە داگیرکاری ئەمریکا راگەیاند، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی کۆتایی پێهێنانی هیچکام لە لایەنەکان و دانوستانێکی نهێنی کە تا ئێستاش وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراوە، ئاگربەستی سەدرییەکان دژبە هێزەکانی ئەمریکای لێکەوتەوە.
ساڵی ٢٠٠٧ هێزەکانی سوپای مەهدی لەگەڵ سوپای بەدر کە باڵی سەربازیی رەوتی حیکمە بوو و ئەو کاتە بە ناوی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق دەناسران پێکیان دادا، شەڕەکە کە بە پێکدانانی نیوەی شەعبان ناسراوە، هەموو جۆرە چەکێکی سووک و قورسی تیادا بەکارهێنرا و سەرچاوە نافەرمییەکان باس لە کوژرانی ٥٠ کەس و برینداربوونی ٣٨٠ کەس دەکەن، رێککەوتنێکی خێرای سەدر لەگەڵ بەردییەکان کۆتایی بەتوندوتیژی هێنا و چەکەکان ئەمجارەش بێدەنگ کران.
ئاداری ٢٠٠٨، بە فەرمانێکی سەرۆکوەزیران پێشووتر نوری مالکی، سوپای عێراق بە پشتیوانی هێزەکانی ئاسمانیی ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەکدارنی سەدر و لە ماوەی یەک ساڵدا، کوشتارێکی زۆریان لە سوپای مەهدی کرد.
لە کاتێکدا شەپۆلی شەڕەکە خەریکبوو شارەکانی دیکەی عێراقیشی دەگرتەوە، لەپڕ فەرمانێکی سەدر بۆ دانانی چەک کۆتایی بە یەک ساڵ شەڕی دوو لایەنی شیعە هێنا و ئاگرەکەی دامرکاندەوە. ئەو کاتی کەمتر کەس بیری لەوە دەکردەوە کە موقتەدا سەدر کە گورزێکی کوشندەی بەر کەوتووە و لە جیاتی تۆڵەسەندنەوە پەنا بەرێتە بەر دانوستان. دەگوترێت، سەدر لەو کاتەدا کە خۆشی لە ئێران بووە، بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ قاسم سولەیمانی، بڕیاری داوە لایەنگرەکانی چەکەکانیان بێدەنگ بکەن.
- وەستانی شەڕی ئەمجارە و ئەگەری رێککەوتنێکی ژێربەژێر
کۆتا راگەیاندنی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ لەلایەن سەدرەوە، رۆژی ٣٠ی ئاب بوو دوای ئەوەی توندترین پێکدادان لەنێوان سەدرییەکان و لایەنەکەی دیکەی شیعە روویدا، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی سەدر باسی لە دیالۆگ نەکردووە، بەڵام ئاماژەکان دەریدەخەن کە خواستێک هەیە بۆ گەڕانەوەی سەدر بۆ ناو پڕۆسەی سیاسیی، ئەگەر وەک تاکەکەس خۆشی بەشداری رەوتی دیالۆگ نەبێت.
بەپێی ژمارەیەک هەواڵی دزە پێکراو، دەستپێشخەرییەکی مەرجەعی باڵای شیعە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بۆ نێوەندگیری لەنێوان شیعەکان، بووەتە هۆی راگرتنی شەڕی نێوانیان، پێدەچێت ئەو دەستپێشخەرییە تەنیا راگرتنی شەڕ نەبێت و قۆناغی دواتر واتا دانوستانیشی بەدوادابێت.
دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق رۆژی چواری ئەیلوول لە راگەیەندراوێکدا، گڵۆپێکی سەوزی بۆ کرانەوەی دۆخی سیاسی لە عێراق داگیرساند، کاتێک رایگەیاند کە سکاڵایەک بۆ تانەدان لەبارەی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکراوە.
لە ١٢ی حوەزیرانی ٢٠٢٢ ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای سەرکردەی رەوتەکەیان، موقتەدا سەدر دەستلەکارکێشانەوەکەیان پێشکەش کرد و دواتر لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی-یەوە پەسەند کرا.
دادگای باڵای فیدراڵیی راشیگەیاندووە کە یەکەم دانیشتنی تایبەت بە سکاڵاکە لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ئەنجام دەدرێت.
خوێندنەوەیەکی بەرایی دەریدەخات کە رەنگە ئەوانە ئاماژەیەک بن بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنن دووبارە رەوتی سەدر دانوستانی دوای توندوتیژی وەک نەریتێکی سیاسیی گرتووەتەوە بەر و ئەگەری رێککەوتنێکی ژێربەژێری نێوان شیعەکان، گەریمانەیەکی بەهێز بێت و لە پشتی پەردەکەش مەرجەعە باڵاکانی نەجەف و قوم رۆڵ بگێڕن.