Sarmand Hameed
12 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2022
هەولێر - AA
دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاشکرای کرد کە بەهاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر-هەولێر، تیرۆریستێکیان بەناوی محەمەد زەوبعی ناسراو بە ئەبو عەزام/ ئەبوسەیف کە ئەمیری کەتیبەی زەرقاویی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای بەغدا، دەستگیرکرووە.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە چاودێریی راستەوخۆی فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر، عەبدلوەهاب ساعدی، هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە هێزەکانیان لە گوندی عەواشیرە لە پارێزگای کەرکووک دابەزینی ئاسمانییان لە نزیک زنجیرە چیاکانی حەمرین ئەنجامداوە و لە ئاکامدا تیرۆریستێکیان دەستگیرکردووە، هەروەها تیرۆریستێکی دیکەش دوای رووبەڕووبوونەوە خۆی رادەستکردووە و لە دوای لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە یەکێکە لە بەرپرسی پەیوەندییەکانی داعش لە ناوچەی داقوق.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان لەنێو شاری کەرکووک ئەنجامداوە و لە ئاکامدا پێنج تیرۆریستیان دەستگیرکردووە کە چواریان هەڵگری رەگەزنامەی جیاوازن.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەیشی ئاشکرا کردووە کە بەهاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر-هەولێر، تیرۆریستێکیان بەناوی محەمەد زەوبعی ناسراو بە ئەبو عەزام/ ئەبوسەیف کە ئەمیری کەتیبەی زەرقاویی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە لە ناوەچەکانی باشووری رۆژئاوای بەغدا دەستگیرکرووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە تیرۆریستە دەستگیرکراوەكه لە نێوان عێراق و سووریا هاتوچۆی کردووە و لە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا زانیاریی زۆر گرنگی ئاشکرا کردووە.