Heman Hussein Yaseen
31 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت کەوتەوە و دوای نزیکەی کاتژمێرێک توانرا لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی ھەولێر کۆنترۆڵ بکرێت.
پاڵاوگەکە لە گوندی دۆڵەبەکرەی سەربە ناحیەی قوشتەپە باشووری پارێزگای ھەولێر بوو، بەگوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ھەولێر، بەھۆی تەقینی یەکێک لە خەزانەکانەوە، ئاگرکەوتنەوەکە روویداوە.
بەھۆی گەورەیی قەبارەی ئاگرەکەوە، سەرجەم بنکەکانی بەرگریی شارستانی ھەولێر بەرەو شوێنی ئاگرەکە بەڕێکەوتن و توانیان لەماوەی یەک کاتژمێردا، ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری بکەن لەوەی ئاگرەکە بپەڕێتەوە بۆ ئەو خەزانانەی کە ماددەی بەنزینی تیادا بوو.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ھەولێر، سەرکەوت کاڕەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دوای ئەوەی ئاگرکەوتنەوەیەک روویدا لە یەکێک لە پاڵاوگەکانی نەوت و قەبارەی ئاگرەکە زۆر بوو، چونکە بەشێکی زۆر لە خەزانی ناو پاڵاوگەکە کە بەرھەمی رۆن و بەنزینی تیادابوو، بەڵام زوو تونرا لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵ بکرێت".
سەرکەوت کارەش گوتیشی: "ئەوەی جێگای مەترسی بوو لەسەرەتای ئاگرکەوتنەوەکە بەشێک لە خەزانەکان بەرھەمی بەنزینی تیادا بوو، تونرا بە کرداری ساردکردنەوە رێگری لە ئاگرکەوتنەوەی ئەو خەزانانە بکەین، چونکە ئەگەر ئەو خەزانانەی بەنزینەکەی تیادابوو ئاگری بگرتایە کارەساتەکە زۆر دەبوو".
لەبارەی زەرەر و زیانەکانیشەوە، سەرکەوت کارەش گوتی: "تا ئێستا زیانە داراییەکان دیارنین، ھەروەھا زیانی گیانی نەبووە لە رووداوەکەدا، تەنیا کارمەندێکمان بەھۆی کاریگەری ئاگرەکەوە لەھۆش خۆی چوو، ئێستا نێردراوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویست وەردەگرێت".
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ھەولێر، ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بۆ تەقینی یەکێک لە خەزانەکان دەگەڕێتەوە و گوتی: "بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکان، ھۆکاری ئاگرەکە تەقینی کوورەی پاڵاوگەکە بووە و ھاوکات لە پاڵاوگەکەدا، رێژەیەکی زۆر سیستەمی بەرگریی شارستانی ھەیە، ھەر بۆیەش لە سەرەتای ئاگرکەوتنەوەکەدا ھەوڵدراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەھۆی زۆری قەبارەی ئاگرەکە، نەتوانرا لە رێگای سیستەمی بەرگریی شارستانی ناو پاڵاوگەکە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت".