Heman Hussein Yaseen
31 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
پڕۆژەیاسای کار لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ەوە کاری لەسەر کراوە و لە کابینەی ئێستای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشدا، دوای پێداچوونەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی شوورا و دواتریش ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، لەوێش دوای سەرنج و تێبینییەکان رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، سندوقی نیشتمانیی بۆ دیموکراسیی (NED) بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، کوێستان محەمەد گفتوگۆیەکی لەبارەی پڕۆژەیاسای کار ئەنجام دا.
پڕۆژەیاسای کار لە ھەرێمی کوردستان لە ١٨ بەش و ١٥٩ ماددە پێکدێت کە ئامانج لێی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی کارە لەنێوان کرێکاران و خاوەنکاران بە مەبەستی پاراستنی مافی ھەردوولا، ھاوکات مافی کرێکار دەستەبەر دەکات لە راژەی کرێکارییەکەی.
لە گفتوگۆیەکەدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان، کوێستان محەمەد گوتی: "پڕۆژەیاسای کار لە دوو کابینەی رابردووشدا کاری لەسەر کراوە، خۆشبەختانە توانیمان لەم کابینەیە تەواوی بکەین. لە کابینەی پێشتر کاریان لەسەر کرد و ئامادەیان کردبوو، بەڵام لەسەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە بینیمان لە رەشنووسەکە کۆمەڵێک کەموکوڕیی ھەیە و پێیداچووینەوە و توانیمان ئامادەی بکەین، بۆ ئامادەکردنی ئەم رەشنووسە چەندین کۆڕ، کۆنفڕانس و سیمینار کراوە و سوودمان لە سەرنج و بۆچوونەکان وەرگرتووە".
کوێستان محەمەد گوتیشی: "لەم پڕۆژە یاسایە، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیش لەگەڵمان بەشداربووە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەشێوەیەک بنووسرێت لەگەڵ یاساکانی کاری وڵاتانی پێشکەوتووش ھاوتەریب و ھاوشێوەبێت، دواجاریش توانیمان ئامادەی بکەین و بینێرینە ئەنجوومەنی شوورا، دواتر نێردرایە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێش دوای سەرنج و تێبینییەکان بەکۆی دەنگی پڕۆژە یاساکە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمان کرا و لە سەرەتای ئەم وەرزەی یاسادانان، واتا لە مانگی ئەیلوولدا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد و ئاراستەی لیژنە پەیوەندارەکانی کرد".
لە گفتوگۆکەدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان، کوێستان محەمەد داوای لە لیژنە تایبەتمەندەکان و کەسانی شارەزا کرد کە سەرنج و تێبینییەکانیان لەسەر پڕۆژە یاساکە بخەنەڕوو بۆ ئەوەی یاسایەک بێت بەتەواوی مافی ھەموو کەسێکی تیادا پارێزراوبێت.
بنەما و مافە بنەڕەتییەکانی ئەم یاسایە جگە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران، ھاوکات بریتییە لەوەی کە ئازادی کار پارێزراوبێت و نابێت مافی کارکردن کۆت بکرێت، نەھێشتنی گشت جۆرەکانی کاری زۆرەملێ، بە کردار نەھێشتنی کارکردنی منداڵان، نەھێشتنی جیاکاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بەکارخستن و پیشەدا، یەکسانی لەنێوان کرێکاری پیاو و کرێکاری ئافرەت لە کرێی ھەر کارێکی خاوەن بەھایەکی یەکسان.
ئەوەی زیاتر لەم یاسایە جەختی لەسەر کراوەتەوە بریتییە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیی وەک یەکێک لە مافەکانی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت کە بێگومان لەگەڵ دروستبوونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی رێککەوتننامە و پەیماننامەکانیش جەخت لەسەر گرنگیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کراوەتەوە کە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی ماددییە و پێشکەش دەکرێت لە کاتەکانی بەساڵاچووان، نەخۆشی، پەککەوتن، لەدایکبوون و مردن، بێکاری، دایکایەتی و خانەنشینبوون.
ئەوەی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاری پێ دەکرێت یاسای ژمارە ٣٩ی ساڵی ١٩٧١ە تا ئێستا چوارجار هەموار کراوەتەوە و دواینجار لە ساڵی ٢٠١٢دا هەموارکراوەتەوە کە لە ١١٧ ماددەی پێکهاتووە و تیایدا پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافەکانی کرێکارانی تیادا رێکخستووە.