Heman Hussein Yaseen
16 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2020
ههولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە، لەکاتی بەتاڵکردنی تانکەرێکی بەنزین لە کۆگایەکی سەر رێگای ھەولێر- مەخموور ، رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە کەوتەوە و بەھۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و دوای پێنج کاتژمێر توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، سەرکەوت کاڕەش لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بەیانی ئەمڕۆ لەکاتی بەتاڵکردنی تانکەرێکی بەنزین لەم کۆگایە، رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە کەوتەوە و کرێکارێک گیانی لەدەستدا''.
سەرکەوت کاڕەش گوتیشی: ''بەھۆی رووداوەکە دوو تانکەری گواستنەوەی بەنزین و چوار کۆگاش سووتاون، بەڵام سوپاسی تیمەکانی بەرگری شارستانی ھەولێر، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و شەقڵاوە دەکەین کە بەھانامانەوە ھاتن و توانیمان دوای پێنج کاتژمێر ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین''.
لەبارەی زەرەروزیانەکانیش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر گوتی: ''تا ئێستا بە وردی قەبارەی زەرەرەکە نازانین، ئەوەی تا ئێستا ھەیە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و، لیژنەی لێکۆڵینەوەش پێکھاتووە بۆ ئەم مەبەستە''.
ئاگرەکە بە دووری ٢٠ کیلۆمەتر لە خۆرئاوای ھەولێر، لە کۆگایەکی بەنزین لەسەر رێگای ھەولێر- مەخموور کەوتەوە و ماوەی پێنج کاتژمێری خایاند و کەسێکیش بەھۆی ئاگرەکە گیانی لەدەستدا کە کرێکارێکی تەمەن ٣٠ ساڵە و خەڵکی قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دھۆکە.