Heman Hussein Yaseen
28 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2025
ھەولێر - AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف بەیاوەری شاندێک سەردانی ئۆفیسی ھەولێری ئاژانسی ئانادۆڵوی کرد و لەلایەن سەرنووسەری بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، محەمەد قورشون و ستافی ئانادۆڵو لە ھەولێر پێشوازی لێکرا.
لە دانیشتنێکدا کە ژمارەیەک کارمەندی ئاژانسی ئانادۆڵو بەشداربوون، سەرنووسەری بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، محەمەد قورشون وێڕای بەخێرھێنانی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، بەکورتی باسی لە ئەرک و ئامانجەکانی بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە ھەرێم کرد کە بریتییە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان ھەرێم و تورکیا لەڕێگای گواستنەوەی ھەواڵەکان بەشێوەیەکی دروست، ھاوکات ئاماژەیشی بە کارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵودا کە لە چوارچێوەی کاری ڕۆژنامەوانییەوە بووەتە پردێکی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا.
ھەر لە دانیشتنەکەدا وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف ڕۆڵی ئاژانسی ئانادۆڵوی بەرز نرخاند لە ڕاستگۆیی و سەرچاوەی دروستی ھەواڵ، ھاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە ئاژانسی ئانادۆڵو وەکو ئاژانسێکی جیھانیی جێی متمانەیە و توانیوویەتی متمانەی خوێنەران بۆلای خۆی راکێشێت.
لە دانیشتنەکەدا، پرسە جیاوازەکانی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەوانیی لە ھەرێم و ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.