Heman Hussein Yaseen
19 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2021
ههولێر - AA
دوای ئهوهی پهرلهمانتارێكی كوردستان، رهشنووسێكی ئاراستهی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان كرد، تیاییدا ئاماژه به زیادكردنی دوو قایمقامییهتی دیكه بۆ شاری ههولێر كرابوو به مهبهستی زیادكردنی خزمهتگوزاری بۆ هاووڵاتییان، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا بە پێویست نازانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بوونی قورسایی حکوومەتی ھەرێم لە شاری ھەولێر، فشاری لەسەر قایمقامییەت و پارێزگا کەمکردووەتەوە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە ئێستادا بەھۆی دۆخی داراییەوە ئەم پڕۆژەیە بە پێویست نازانن.
ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، دلێر حوسێن لەبارەی زیادکردنی قایمقامییەتی دیکە بۆ شاری ھەولێر لە رووی یاساییەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٠٩ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ھەر دەستکارییەکی یەکەی ئیداری کە لە بڕگەی ١٣ لە ماددەی شەش بە روونی باس لە گۆڕینی ھەر یەکەیەکی ئیداری وەکو گۆڕین و زیادکردن و دەستکاریکردنی نەخشە دەکات کە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگایە و، بە داواکاری دەنگی یەک لەسەر سێی ئەندامان یان بە داواکاری پارێزگار بنێردرێتە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر و لە ئەنجوومەن پەسەند بکرێت، ئینجا دەبێتە داواکاری فەرمیی".
لەبارەی ئەو رەشنووسەی کە سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە زیادکردنی دوو قایمقامییەتی دیکە لە شاری ھەولێر کە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیی کردووە، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دلێر حوسێن گوتی: "پێمان وایە ئێستا جگە لە قایمقامییەتی قەزای ناوەند، قایمقامیەتی دەشتی ھەولێریش ھەیە کە لە رووی جوگرافییەوە نزیکە و تا رادەیەک زەوییەکانییان تێکەڵ بووە و سنووری جوگرافییان لەیەکتر نزیکە، بۆیە لە قۆناغی ئێستادا پێویست نییە تۆ بێی قایمقامییەتێکی دیکە لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیاد بکەی، بە حوکمی ئەوەی ھەولێر تایبەتمەندییەکی جیاوازتری ھەیە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە ئەویش بوونی قورسایی حکوومەت و وەزارەتەکانە لە سەنتەری ھەولێر و ئەمەش فشاری لەسەر قایمقامیەت و پارێزگا کەمکردووەتەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر پێی وایە بەھۆی دۆخی خراپی داراییەوە دەبوو داواکاری بچووککردنەوەی قایمقامییەت بکرێت نەک فراوانکردن و لەمبارەیەوە دەڵێت: "دەبوو بیر لە ھاوێشتنی ھەنگاوی بچووککردنەوە بنرابووایە نەک فراوانکردن چونکە ھەر فراوانیەک کولفەیەکی زۆری دەوێت و باڵەخانە و فەرمانبەری دەوێت، ئەمەش لە قۆناغی ئێستادا بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی حکوومەت و پێمان وانییە لەم قۆناغەدا شتی وا رووبدات، ھەرکاتێک داواکارییەکەش گەیشتە ئەنجوومەنی پارێزگا ئەوا ئەو کاتە دیراسەی ناوەرۆکەکەی دەکەین و بەپێی دۆخەکە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا دەکەین".
جێی ئاماژەیە لە بڕگەی ١٣ لەماددەی شەشی یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٠٩ی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ھاتووە: "رەزامەندی دەربڕین بە زۆرینەی رەھای ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەن لەسەر پێشنیازی بەجێگەیاندنی گۆڕانکاری کارگێڕیی لە قەزا و ناحییە و گوندەکان بە لێکدانیان و لە نوێ دانان و گۆڕینی ناو و سەنتەرەکانیان و ئەوەی لێیان دەکەوێتەوە لە پێکھاتەی کارگێڕی لە چوارچێوەی سنووری پارێزگا و ئەمەش لەسەر پێشنیازی پارێزگار یان سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەن دەبێت".
ئهنجوومهنی پارێزگای ههولێر زیادكردنی دوو قایمقامییهتی دیكه بۆ شارەکە به پێویست نازانێت