Zana Natık Kerem
19 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی پارتی "حەل"، جەمال کەربولی لەسەر فەرمانی دادوەر بەتۆمەتی گەندەڵی لە شاری بەغدا دەستگیرکرا.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، نەقیب حاتم جابری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ھێزێکی تایبەت سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی، جەمال کەربولی لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی یەرمووک ناوەڕاستی بەغدا دەستگیرکرد و گوتی:
"جەمال کەربولی لەسەر فەرمانی دادوەر بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراوە".
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە برایەکی سەرکردەی پارتی "حەل"، جەمال کەربولی بە ناوی ئەحمەد کەربولی لە خولی دووەمی سەرۆکوەیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالیکی لە ٢٠١٠ تا ٢٠١٤ وەزیری پیشەسازیی بوو.
دواتر ئەحمەد کەربولی لە ٢٠١٦، بەتۆمەتی گەندەڵی، بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادرابوو.
جەمال کەربولی دامەزرێنەری بزووتنەوەی نیشتمانیی بۆ چاکسازیی و گەشەپێدانە "حەل" کە یەکێکە لە بزووتنە سیاسییە سوننەکان لە عێراق.
پارتی حەل بەشێکە لە ھاوپەیمانیی ھێزەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کە لە کۆی ٣٢٩ کورسی، خاوەن ٤٠ کورسییە.
ھەفتەی رابردوو، جەمال کەربولی چووە ناو ھاوپەیمانییەکی نوێ بە ناوی "عەزم عێراق" کە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی پڕۆژەی عەرەبی، خەمیس خەنجەر بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوختە، پێکھێنراوە.
لە مانگی ئابی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی پێکھێنابوو کە ئەرکی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی گەندەڵکارانی بە ھێزێکی تایبەتی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیران راسپاردووە.