Zana Natık Kerem
30 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆ" بە ئامانجی دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە پارێزگای بەسرە راگەیاند.
لەمبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکداا ئاماژە بەوەداوە کە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆ" بە ئامانجی دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە پارێزگای بەسرە دەستی پێکراوە و راگەیاندووە کە ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەسرە، فەرماندەیی پاسەوانی سنوور ناوچەی چوار، ئاژانسی ھەواڵگریی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: "ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە، دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەتە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای بەسرە بەدی بێت".
حکوومەتی عێراق تا ئێستا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت، چەندین بڕیاری پەیوەندیداری بەم پرسەی دەرکردووە و ھەنگاوی پێداگری ناوە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام سەرەڕای گرتنبەری چەندین رێکاری پێویست، نەتوانراوە ئەم دیاردەیە لەناو ببرێت و تا ئێستاش لە بازاڕەکانی عێراق بە ئاشکرای مامەڵە بە چەندین جۆری چەکەوە دەکرێت.