Zana Natık Kerem
29 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار دەست پێ کرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە ھێزەکانی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، سەڵاحەددین و جەزیرە، هەروەها ھێزەکانی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لەژێر ناوی "ئیرادەی پۆڵایین" لە ناوچەکانی باشووری قەزای حەزەر باشووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، ناوچەکانی رۆژئاوای دۆڵی سەرسار باکووری رۆژئاوای پارێزگای سەڵاحەددین و بیابانی جەزیرە باکووری پارێزگای ئەنبار دەست پێ کردووە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، رادوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچانەیە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاڵپشتی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقەوە دابین کراوە.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.