Heman Hussein Yaseen
10 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر - AA
نووسینگەی رۆژنامەوانیی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رەتی دەکاتەوە کە ھیچ لێدوانێک سەبارەت بە خاڵە سنوورییەکان بۆ ھیچ دەزگایەکی میدیایی درابێت.
لە روونکردنەوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر ھاتووە: ''وەکو نووسینگەی رۆژنامەوانی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، رەتیدەکەینەوە کە ھیچ لێدوانێکی رۆژنامەوانی فەریق جەبار یاوەر ھەبێت بۆ ھیچ ھۆکارێکی راگەیاندن لە بارەی بڵاوبوونەوەی ھەواڵی دامەزراندنی ھێزێکی ھاوبەش لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ بۆ پارێزگاریکردن لە خاڵە سنوورییەکان، چونکە تا ئێستا ھیچ وردەکاریەک لە بارەی ئەم بابەتە نەگەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە''.