Heman Hussein Yaseen
18 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2025
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات، بڕیارە لە کۆبوونەوەکە سێ تەوەر گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە و لەبارەی سێ تەوەرەوە گفتوگۆ دەکەن.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە، دوایین دۆخی ناوچەکە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشھاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ھەرێم تاوتوێ دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی ھاتوچۆ بە ڕێژەی سەدا ٢٠ بۆ شەش مانگی دیکە لە ١ی تەمووزی ٢٠٢٥ تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥.
بەپێی ھەواڵەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتی دەکرێت و وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە دەخرێتەڕوو.