Zana Natık Kerem
14 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2022
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بهپێویستی زانی لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسیاریێتی بەرامبەر بە گەل لەئەستۆ بگرن و ئاماژەی بەوەیش دا وڵات لەوە زیاتر بەرگە ناکرێت و حکوومەت پێویستی بە بوودجە و سەقامگیرییە بۆ ئەوەی بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوازرییەکان بۆ ھاووڵاتییان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو رایگەیاندووە: "لەم رۆژانەدا، کەوتنی مووسڵ بەدەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەبیردەھێنینەوە، ئەو رووداوە وامان لێ دەکات، بیر لەو ھۆکارانە بکەینەوە کە بوونە ھۆی ئەو رووداوە، نابێت ئەوەی لە ھەشت ساڵ لەمەومەبەر لە کەوتنی مووسڵ روویدا، دووبارە ببێتەوە".
ھەروەھا مستەفا کازمی گوتوویەتی: "پێویستە ئەمڕۆ بیر لە ئێستا و ئایندەمان بکەینەوە، دەبێت پەند وەربگرین لە رووداوەکانی ساڵانی رابردوو، پێویستە بەھەموو توانمانەوە کار بکەین لەپێناو ئایندەی نەوەکمان".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رەوشی ئەمنییەوە رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ رەوشی ئاسایش و سنوورەکان بەشێوەیەکی زۆر باش بە ھەوڵ و قوربانییەکانی ھێزە ئەمنییەکان پارێزراون، رۆژانە خۆم سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەم، ھەروەھا ھێزەکانمان ئامادەن بۆ بەرگرییکردن لە عێراق و ھەموو عێراقییەکان".
باسی لەوەش کردووە کە مستەفا کازمی رایگهیاندووه: "ناچمە ناو باسی سیاسەتەوە، بەڵام پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتیی بەرامبەر گەل و نیشتمان لەئەستۆ بگرن".
ئەوەیشی وەبیرھێناوەتەوە کە حکوومەتی ئێستا، بەرەوڕووی رەوشی سەخت بووهتهوه و لە رێگای گرتنەبەری چەندین رێوشوێنەوە توانیوێتی تێیپهڕێنێت و گوتی:" وڵات لەوە زیاتر بەرگە ناکرێت و حکوومەت پێویستی بە بوودجە و سەقامگیرییە بۆ ئەوەی بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوازرییەکان بۆ ھاووڵاتییان".
نووسینگهی كازمی ئاماژەی بەوەیش داوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەکردووە، ھەندێک کەس لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ھانی توندوتیژی و ئاڵۆزی دەدەن کە ئەمەیش کارێکی قبوڵکراو نییە و ھەر کەسێک ئەو کارە بکات، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەری دەگیرێتەبەر و لێپێچینەوەیشی لەگەڵدا دەکرێت و گوتوویەتی: "داوا لە ھەموو لایەک دەکەم کە بەو بانگەوازانە فریونەدرێن و نەکەونە دوای ئەو جۆرە بانگەوازانە، پێویستە لەسەر ھەموو لایەک دان بەخۆدا بگرن و بەرژوەندیی عێراق و عێراقییەکان بخرێتە پێش ھەموو بەرژەوەندییەکەوە".