Heman Hussein Yaseen
08 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەتو مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا چەند تەوەرێک دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری تەوەری گفتوگۆکانی بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە؛ خستنەڕووی راپۆرتی ھەفتانەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سەبارەت بە ھێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان. بابەتی رێکخستنی مامەڵەی میدیا و سۆشیاڵمیدیا لەگەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژبە رێکخراوی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێرکاری لە ھەرێمی کوردستان - عێراق) بۆ دەنگدان لە ئەنجوومەنی وەزیران، خستنەڕووی پڕۆژە یاسای (ھەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە ٦ـی ساڵی ٢٠٢١)، هەروەها خستنەڕووی راپۆرتێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەبارەت بە بابەتی وشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان.