Heman Hussein Yaseen
28 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی ئەنجام دەدات.
بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرێک دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ کە بریتیین لە؛ بەردەوامی گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رێکخستنەوەی داھاتە ناوخۆییەکان و خستنەڕووی ھەنگاوی کردارەکیی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە، ھەروەھا پێشکەشکردنی راپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی تووشبوون بە فایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان بەھۆی ئەم پەتایە و ئەو رێکارانەی پێویستە بگیرێنە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تەشەنەبوونەی پەتای کۆرۆنا.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، خستنەڕووی پێشنیازی گۆڕینی ھەردوو قەزای سۆران و زاخۆ بۆ ئیدارەی سەربەخۆ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
بابەتی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی ھەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ھاووڵاتییان لە وەرزی سەرمادا، دوو تەوەری دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم دەبێت.