Arif Yusuf,
28 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ـ AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بۆ ماوەی شەش کاتژمێر قەدەغەی ھاتوچۆی راگەیاند، بڕیارەکە لەدوای کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا کاتژمێر شەشی بەیانی سبەی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، قەیس محەمەداوی لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، تیایدا رایگەیاندووە کە بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ، جوڵەی ھاووڵاتییان، ئۆتۆمبێل، ماتۆڕسکیل، پایسکل و ھەموو جۆرەکانی دیکە دەگرێتەوە".
راشیگەیاندووە: "بڕیارەکە لەدوای کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا کاتژمێر شەشی بەیانی سبەی سێشەممە بەردەوام دەبێت".
قەیس محەمەداوی ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکە بۆ پارێزگاری کردنە لە خۆپیشاندەران و رێگریکردنە لە ھەر دەستێکی تێکدەرانە لە کردنە ئامانجی خۆپیشاندەران بەتایبەت دوای دۆزینەوەی ھەندێک لەو دەستانە لەنێویاندا.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە لە رۆژی ھەینی رابردووەوە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق دەستیان پێکردووەتەوە و تائێستا دەیان قوربانی بەو ھۆیەوە کەوتوونەتەوە.
پێشتریش لە چەند شارێکی عێراق بۆ پاراستنی دۆخەکە، قەدەغەکردنی ھاتوچۆ راگەیەندرابوو.