Arif Yusuf
29 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەكی پزیشكی رایگەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، خۆپیشاندەرێكی دیكە بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان لە ناوەڕاستی شاری بەغدا كوژراوە و بەمەیش ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا كوژراون بەرزبوویەوە بۆ ٩٣ كەس.
سەرچاوەكە كە لە فەرمانگەی تەندروستی بەغدا كار دەكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمبوڵانسەكان تەرمی خۆپیشاندەرێكیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە كە بەربەیانی ئەمڕۆ بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا، كوژراوە".
ئاماژەی بەوەشكرد كە ژمارەیەك خۆپیشاندەر كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە برینداربوون لە لایەن ئامبوڵانسەكانەوە گواسترانەتەوە نەخۆشخانە.
بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤەوە بڵاوكراوەتەوە ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری ناوەڕاست و باشوور كوژراون بەرزبووەتەوە بۆ ٩٣ كەس.
هاووڵاتییانی عێراق لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری ناوەڕاست و باشوور، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوا دەكەن حكوومەت دەستلەكاربكێشێتەوە.
خۆپیشاندەران لە یەكی تشرینی یەكەمدا دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و دواتر بە هۆی رێوڕەسمەكانی ئەربەعینییەوە خۆپیشاندانەكانیان وەستاند، دواتر رۆژی هەینی رابردوو دەستیان پێكردەوە و لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی بەغدای پایتەخت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوازرییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كاریان دەكرد، بەڵام لەئێستادا، داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت دەكەن.