Rewa Mahmood Hasan
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
لە پێناو پارێزگاریکردن لە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، مەفرەزەکانى پۆلیسى دارستان و ژینگەی سلێمانی، هەشت راوچییان دەستگیرکرد.
لە راگەیەندراوێکدا کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردۆتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە بەمەبەستى پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەى سنوورەکەیان و رێگریکردن لە سەرپێچىکاران، هەشت راوچی دەستگیرکراوە لەکاتی سەرقاڵبوونیان بەڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەكی بارەگای بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ، بەمەبەستی چاودێریکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی سنوورەکە، توانیان چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە سەرقاڵی راوە سەرکانی بوون بەشێوەی دانانی داو و تەنینی کانیاوەکان کە تاکە سەرچاوەی ئاوە بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان".
بەپێی زانیارییەکان راوچییەکان به هەلیان زانیوە سوود لە وەرزی وشکەساڵیی وەربگرن کە لەئێستادا، ئاژەڵ وباڵندە کێوییەکان بەهۆکاری وشکەساڵیی لەژێر مەترسی لەناوچووندان. ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژانە کارمەندانی پۆلیسی دارستان لەهەوڵی پاککردنەوە و نوێکردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکاندان جگە لە چاودێری و ئەرکی فەرمی.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی-دا هاتووە ''دەرئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەکەی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ چوار راوچی دەستگیرکران، هاوکات دەستبەسەر سەرجەم کەرەستەکانیاندا کە خۆی دەبینێتەوە لە دوو کەو، هەشت دەستە داو و دوو قەفەسدا گیرا".
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە بەبڕیاری دادوەر پـــەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو راوچییانە کراوەتەوە و بەمەبەستی ئەنجامدانی رێکاری یاسایی.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها هاتووە کە لە چالاکییەکى تردا، دوای ئەوەى زانیاری وەرگیرا چەند هاووڵاتییەک سەرقاڵی راوکردنن لە سنووری نێوان قەرەداغ و گوندی باڕۆیی لە سنووری ناحیەی بازیان، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ لەلایەک و بەهەماهەنگی لەگەڵ بازگەکانی ئاسایش بەدواداچوونی تەواوکرا تا بتوانن راوچییەکان دەستگیربکرێن.
پۆلیسی داراستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت ''ئەگەرچی راوچییەکان هەوڵێکی زۆریان دا تا لەدەست مەفرەزەکان هەڵبێن، بەڵام دواجار بەهاوکاری لەگەڵ مەفرەزەکانی ئاسایش توانرا لە سنووری گوندی گاوانی سەربە ناحیەی بازیان، چوار هاووڵاتی بەتۆمەتی راوکردن دەستگیر بکرێن.
لەکاتی دەستبەسەرکردنی ئەو چوار چوار راوچییەدا دەستبەسەر سێ کەروێشکی کێوی راوکراودا گیراوە لەگەڵ چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف، حەوت مەخزەن، یەک چەکی جۆری تاپڕ، پێج گوللە تاپڕ، یەک بلاجیکتۆر، یەک چەقۆ، یەک ئۆتۆمبێلی جۆری پاترۆڵ".