Heman Hussein Yaseen
05 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2020
ههولێر - AA
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی ھەولێر، موسا بژار بانگەوازێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا داوا لەو ھاووڵاتییانە دەکات کە بەشدارییان لە پرسەی خوالێخۆشبووان فەتاح حەمد ساڵح و فاتیمە رەحمان حوسێن کردووە لە گەڕەکی کارێزان لە رۆژی شەممەی ۲۱ی ۳ی ۲٠۲٠، بەزووترین کات سەردانی سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا (فریاکەوتنی ناوند) یاخود پەیوەندی بەتیمەکانی فریاگوزاری ۱۲۲ بکەن بەمەبەستی دڵنیابوون و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی تایبەت بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆۆنا.
لە بانگەوازەکەدا ھاتووە ''لە پەراوێزی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرواری ۲ی ۳ی ۲٠۲٠ لێژنەی باڵای فەتوای ھەرێم و وەزارەتی ئەوقاف و ژووری ئۆپەراسیۆن بڕیاری دا بە راگرتنی رێوڕەسمی پرسە بۆ کەمکردنەوەی بەریەککەوتن، بەڵام بەداخەوە پێچەوانەی ھەموو رێنماییەکان دوو بنەماڵەی شاری ھەولێر ھەڵسان بەدانانی رێوڕەسمی پرسە لە گەڕەکی کارێزانی شاری ھەولێر و بەمھۆیەوە ۳۲ کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون''.
ئاماژە بەوەشکراوە "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان بڕیاردراوە بەھەماھەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای ھەولێر لە رێگای داواکاری گشتی رێککاری یاسای لەبەرامبەر ھەردوو بنەماڵەی ئاماژەپێکراودا بگیرێتەبەر".