Rewa Mahmood Hasan
06 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2020
سلێمانی-AA
قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی، ئاوات محەمەد لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبوویەوە و تاوتوێی پرسی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان کرد.
کۆبوونەوەکە لە دیوانی قایمقامیەتی سلێمانی بەێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە ئاوات محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، "لەئەگەری درێژنەکردنەوەی ٤٨ کاتژمێرەکەی قەدەغەی ھاتوچۆ، لە سلێمانی پلانێکی گشتگیریان داناوە بۆ رێگەدان بە کردنەوەی بەشێک لەو شوێنانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە".
قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا کە کارکردنی ئەو شوێنانە تەواو جیاواز دەبێت لە شێوازی کارکردنی پێشووتر و بە رەچاوگرتنی ھەموو رێنماییە تەندروستییەکان و گرتنەبەری چەند رێکار و رێوشوێنێکی گونجاو رێگە بەکارکردنیان دەدرێت و گوتی "ئەگەر رەوشەکە لەباربێت بەپێی چەند مەرج و رێنماییەکی نوێ کە دواتر بڵاویان دەکەینەوە رێگە بەکردنەوەی بەشێک لە "مارکێت، دەرمانخانە، نانەوا، سەمونخانەکان وعەلوە دەدرێت ."
ئاوات محەمەد راشیگەیاند "ھاووڵاتییان دڵنیادەکەینەوە ھەموو بڕیار و رێنماییەکان بەڕەچاوگرتنی مەترسی قۆناغەکە دەدرێن و پاراستنی لایەنی تەندروستی خەڵک لە ئاستێکی باڵادا لە بەرچاو دەگیرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قایمقامی قەزای سلێمانی، ئاوات محەمەد سوپاسی پابەندبوونی بەرچاوی ھاووڵاتییانی سلێمانی کرد بە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و گوتی "بە پابەندبوونی ئێوە و مانەوەتان لە ماڵەکانتان مەترسییەکانی کۆرۆنا زووتر تێدەپەڕێنین و نزیکتر دەبینەوە لە ئاساییبوونەوەی ژیان لە ھەرێمی کوردستان".