Rewa Mahmood Hasan
19 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2022
سلێمانی - AA
تەرمی ئەو ١٤ هاووڵاتییایەی شاری سلێمانی کە بەهۆی روودانی تەقینەوە لە سیستەمی گازی لە گەڕەکی کازیوە گیانیان لەدەستدا، لە گۆڕستانی کەڵەکن بەخاک سپێردران و تەرمی ئەو وەستایەی کە سیستمی گازەکەی دانوو و لەو رووداوەدا گیانی لەدەستدا رەوانەی ئێران دەکرێتەوە و لە زێدی خۆی بەخاک دەسپێردرێت.
تەرمی قوربانییانی تەقینەوەکەی سلێمانی لە پزیشکی داد بەڕێکران و دواتر بەئامادەبوونی هەزاران کەس وەک نیشاندانی هاوخەمیی بۆ کەسوکاری قوربانیان، لە گۆرستانی کەڵەکن لە شاری سلێمانی بەتەنیشت یەکەوە بەخاک سپێردران.
لەناو ئەو ١٤ کەسەدا کە ئەمڕۆ بە خاک سپێردران، زۆربەیان مندالبوون و ژمارەیەکیان قوتابی بوون، بەوهۆیەوە لە هەندێک قوتابخانەکان رێوڕەسمی ماڵئاوایی بۆ هاورێ قوتابییەکانیان رێکخرابوو.
بەهۆی ئەو کارەساتەی بەسەر بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانیدا هات، خەمباریی باڵی بەسەر سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستاندا کێشاوە و هاووڵاتییان پەیتا پەیتا بەشداریی لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی قوربانیان و پرسەکەیاندا دەکەن.