21 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا - AA
لە ئاکامی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق، هاووڵاتییەک کوژرا و چواری دیکە برینداربوون.
ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، ئەحمەد حەیدەری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو کە ماتۆڕسکیلێکەوە لکێنرابوو لە ناوچەی بەیاع باشووری بەغدا، تەقییەوە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەک کوژرا و یەکێکی دیکە برینداربوو.
حەیدەری ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەیەکی دیکەی هاوشێوە لە ناوچەی شوعلە باکووری بەغدا روویداو و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە رانەگەیاندووە بەڵام بەرپرسه ئەمنییهكانی عێراق ئەنجامدانی ئەو جۆرە رووداوانە دەخەنە ئەستۆی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
رۆژی ١٠کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەواوی ئەو رووبەرەیان کۆنتڕۆڵکردەوە کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق هەژمار دەکرا کە داعش لە هاوینی ٢٠١٤ کۆنتڕۆڵی کردبوو.
وێڕای ئەوەى هێزەكانى عێراق داعشيان لە ناوچەكان دەركردووە و شارەكانيان ئازادكرد بەڵام شانە نووستووەکانی رێكخراوەكە تاكو ئێستا بەردەوامن لە سەر هێرشەكانيان لە گوندەوارەكانى پارێزگاكانى كەركووک، مووسڵ، سەڵاحەدين، ئەنبار.