22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2019
سەڵاحەددین ــ AA
سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند كە لەمیانی شەڕ و پێكدادانێكی نێوان هێزە ئەمنییەكان و ژمارەیەك چەكداری داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، چوار كارمەندی ئەمنی و یەك تیرۆریستی داعش كوژراون.
ئەفسەر لە پۆلیسی سەڵاحەددین، نەقیب خەلیل سامەڕائی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش هێرشیانكردووەتە سەر هێزەكانی پاسەوانی دامەزراوە نەوتییەكان لەناوچەی سەحل سەربە ناحیەی سینییە باكووری سەڵاحەددین.
خەلیل سامەڕائی ئاماژەی بەوەیشكرد کە لەمیانی هێرشەكەدا، شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و تیرۆریستانی داعش روویداوە كە لەئاكامدا، چوار كارمەندی ئەمنی و یەك تیرۆریستی داعش كوژراون.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە دوای گەیشتنی هێزی پشتیوانی ئەمنی بۆ ناوچەكە، تیرۆریستان هەڵاتوون.
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی داعش و دەرهێنانی سەرجەم ناوچەكانی ژێركۆنترۆڵی ئەو رێكخراوە راگەیاند، بەڵام هێشتا پاشماوەكانی داعش لە ناوچە جیاجیاكانی باكوور و رۆژئاوای عێراق خۆیان حەشارداوە و ناوە ناوە هێرش دەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی.