Sarmand Hameed
01 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
حزبوڵڵا عێراق رایگەیاند، چەکدارەکانیان لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پاشەکشەیان کردووە لە بەرامبەر ئەو بەڵێنەی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی پێیداون بە کارکردن بۆ داڕشتنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی بیانی لە وڵاتدا.
حزبوڵڵا عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە عادل عەبدولمەهدی داوای لە حزبوڵڵا کردووە چەکدار و لایەنگرانیان شوێنی گردبوونەوەکانیان بگۆڕن و بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا بکشێنەوە، لەبەرامبەر کارکردن بۆ داڕشتنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزەکانی بێگانە لە وڵاتدا.
حزبوڵڵا ئەوەیشی راگەیاندووە کە لە هەفتەی داهاتوو چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکەن بۆ دەستکردن بە داڕشتن و دەرکردنی یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان، ئەمەیشی وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان لەقەڵەمداوە.
دوێنێ سێشەممە، دەیان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئاگرییان لە دوو دەرگای دەروازەی باڵیۆزخانەکە و کامێراکانی چاودێری و شوێنی پێشوازیی سەردانیکەرانی باڵیۆزخانەکە بەردا.
خۆپیشاندەران هۆکاری هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەیان گەڕاندەوە بۆ بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆسەر بارەگاکانی حزبوڵڵا عێراق لە پارێزگای ئەنبار.
ئەمڕۆش خۆپیشاندەران بەتەواوەتی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە کشانەوە و ناوچەکەیان چوڵ کرد.
هەر ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هەڵپەساردنی سەرجەم چالاکییەکانی تا کاتێکی نادیار راگەیاند و هۆکاری ئەو بڕیارەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو گردبوونەوە و خۆپیشاندانانەی کە ماوەی دوو رۆژ بوو لەبەردەم باڵیۆزخانەکە لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بەڕێوەدەچوون.
شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پینج پێگەی حزبوڵڵای لە عێراق و سووریا بۆردومان کرد.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەو هێرشەی وەک وەڵامێک لەقەڵەمدابوو لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کە رۆژێک بەر لەو بۆردومانەکە کرابووە سەر بنکەی سەربازی K1 نزیک شاری کەرکووک و بەهۆیەوە کارمەندێکی خانەنشینی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی ئەمریکی و دوو سەربازی عێراقی برینداربوون.
بەرپرسانی ئەمریکی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە رێگەی بریکارەکانیانەوە لە گرووپە چەکدارییە شیعەکان هێرشی مووشەکی بۆسەر ئەو بنکە سەربازییانە ئەنجام دەدەن کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیربوونە، لە بەرامبەردا تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
ئەمریکا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە بنکە سەربازییەکان لە سەرتاسەری عێراق جێگیرکردووە.