Heman Hussein Yaseen
26 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2024
هەولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕادەگەیەنێت کە، بە هۆی هێرشە درۆنییەکە بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە.
وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر زانیاریان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هەر دوو وەزارەتی پەیوەندیدار، ئاگاداری هاوبەشانی کارەبایان کردووەتەوە کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکە بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی هێرشەکەوە نزیکەی ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە. ستافی هەردوو وەزاررەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا".
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووی قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە چوار کارمەندی یەمەنی کێلگەکە کوژران.