Heman Hussein Yaseen
28 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2024
هەولێر - AA
لەماوەی ڕابردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند کە بریتییە لە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی و لە چەند گەڕەکێک پڕۆژەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، وێرای خۆشحاڵی ھاووڵاتییان بەڵام بڕیارەکە ناڕەزایەتی ژمارەیەک خاوەن مۆلیدەی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەک لە خاوەن مۆلیدەکان گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم قایمقامیەتی ھەولێر و دواتر لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامدا، گردبوونەوەکە وەک ناڕەزایەتییەک بوو دژی میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
خاوەن مۆلیدەکان ناڕەزایەتییەکانییان بریتیی بوو لەوەی لە بری ئەم پڕۆژەیە بدرێتە کەرتی تایبەت، با ھەر ئەوان کارەبای بەردەوام دابین بکەن و حکوومەت گرێبەستیان لەمبارەیەوە لەگەڵدا بکات، ھەروەھا یەکێک لە داواکارییەکانییان ئەوە بوو کە ژمارەیەک لە خاوەن مۆلیدەکان، شوێنی مۆلیدەکانییان بە پارەیەکی زۆر کڕیووە و ئێستا دوای بڕیارەکە، شوێنی مۆلیدەکە ھیچ بڕە پارەیەک ناکاتەوە، ھەروەھا یەکێکی دیکە لە داواکارییەکان ئەوە بوو کە حکوومەت پێش چەند ساڵێک بڕیاریدا سەرجەم مۆلیدەکان بکرێنە بێدەنگ و بۆ ئەم مەبەستەش بەشێکیان بە تێچوویەکی زۆرەوە مۆلیدەکانییان کردووەتە بێدەنگ و داوا دەکەن تا تێچووی بێدەنگکردنی مۆلیدە و تێچووی شوێنی مۆلیدەکانییان دەست دەکەوێتەوە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی نەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
لە شاری ھەولێر و دەوروبەری نزیکەی دوو ھەزار مۆلیدە ھەیە، بە گوتەی خاوەن مۆلیدەکان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ژمارەیەکی زۆر لەوانەی لەم شوێنانە کار دەکەن، بێکار دەبن، ھەروەھا ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت ئەوانیش بەشداربن لە پڕۆژەکە، بەڵام تا ئێستا ھیچ وەڵامێکی فەرمییان نەدراوەتەوە.
ڕۆژی ١٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری ھەولێر، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری ھەرێم و بڕیارە لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم ھاووڵاتییانی ھەرێم لەم پڕۆژەیە سوودمەند بن.