Dilşad Seyfeddin Ahmed
22 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2015
لە رێوڕەسمی كردنەوەی دوو پڕۆژەی وێستگەی گۆڕینی كارەبای قولەڕەیسی و تاڤگە لە شاری سلێمانی، وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و باسی لە دۆخی ئێستای كارەبای هەرێم كرد.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی كارەباوە، سەڵاحەدین بابەكر گوتی: "دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا توانیمان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای خورمەڵە و كۆمبایسایكلی غازی لە شاری هەولێر بخەینەگەڕ، بڕی نزیكەی 800 مێگاوات كارەبای تر خرایە سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی".
بابەكر هەروەها گوتی: "بەهۆی ئەوەی لە قەیرانی دارایی قورسداین، بوودجەی پێویستمان نییە بۆ ئیشپێكردنی هەموو وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەو هۆیەوە ناچارین هەندێك لەو وێستگانە كار پێ نەكەین".
وەزیری كارەبا ئاماژەی بەوەش كرد، بە كارپێكردنی هەموو وێستگەكانی كارەبا بەبێ كێشە و گرفت، توانای بەرهەمهێنانی بڕی سێ هەزار و 500 مێگاوات كارەبایان هەیە كە ئەوەش بۆ یەكەمجارە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم دەگاتە ئەو رێژەیە. لەگەڵ ئەوەشدا خواستی بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاووڵاتیان و دەزگاكانەوە زۆر لەوە زیاترە و پێشبینی ئەوە دەكەن لە وەرزی زستاندا خوسات لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بگاتە چوار هەزار و 500 مێگاوات كارەبا.
وەزارەتی كارەبای هەرێم ساڵانە پێویستی بەبڕی سێ ملیار دۆلار هەیە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ هاووڵاتیان.
وەزیری كارەبای هەرێم ئەوەشی گوت: "زیاتر لە 250 ملیار دینار قەرزی بەكارهێنانی كارەبا لەسەر فەرمانگە و دەزگاكانی حکوومی و هاووڵاتیان هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی كارەبا لە شارەكانی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە ئاگەدار كراونەتەوە".
لە ئێستادا ئاستی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە شارەكانی هەرێم 18 بۆ 19 سەعاتە، كاتەكانی تر بە موەلیدەکانی ئەهلی پڕ دەكرێتەوە.