Zana Natık Kerem
16 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
دەستەی حەشدی شەعبی کوژرانی دوو چەکداری لە ئاکامی پەلامارێکی داعش لە پارێزگای سەڵاحەددین باکووری عێراق راگەیاند.
دەستەی ناوبراو بڵاوی کردەوە کە تیرۆریستانی داعش ھەوڵیانداوە پەلاماری بارەگای فەوجی شەش سەربە لیوای ٢٢ حەشدی شەعبی بدەن لە دوورگەی عیس رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین، بەڵام ھێزەکانیيان بەرپەرچی پەلامارەکەی داعشیان داوەتەوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە میانی بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکەدا، دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.