Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان، بەبەشداری پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، رێوڕەسمێک لەسەر قەڵای هەولێر بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان دەستی پێکرد و دواتریش نمایشێکی ئەسپسواری ئەنجامدرا.
لە رێوڕەسمەکەدا ئاڵای کوردستان لەسەر قەڵای هەولێر هەڵکرا و دواتریش پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە و هەڵکردنی ئاڵا بۆ هەموو کوردستانییەکان پیرۆزییەکی خۆی هەیە چونکە شەهیدمان لە پێناویدا داوە و هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پەرۆشییان بۆ مانەوەی ئەم ئاڵا هەیە، ئێمەش ئامادەین شکۆی ئەم ئاڵایە بپارێزین".
دواتریش لەلایەن رێکخراوی سوارچاکانی کوردستان نمایشێکی ئەسپسواری بەڕێوەچوو.
لە ساڵی ١٩٩٩، پەرلەمانی کوردستان رۆژی ١٧ـی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کرد.
ئاڵای کوردستان بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بووەتە ئاڵای فەرمیی ھەرێمی کوردستان و نیشانە و رەنگەکانیشی دیاری کراوە.
لە بڕیارەکەدا ھاتووە، ئاڵای کوردستان لاکێشەیە و پانییەکەی دوو لەسەر سێی درێژییەکەیەتی و دابەشکراوە بەسەر سێ لاکێشەی یەکسان.
لاکێشەی سەرەوە رەنگی سوورە و ھێمایە بۆ شەھیدان و، لاکێشەی ناوەڕاست سپییە و ھێمایە بۆ ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان و ئازادیی و لێبووردن، ھەروەھا لاکێشەی خوارەوە سەوزە و ھێمایە بۆ کشتوکاڵ و ژینگەی کوردستان. لە ناوەڕاستی ئاڵاکەخۆرێک ھەیە کە ھێمایە بۆ بەردەوامیی ژیان و جەژنی نەورۆز.