Zana Natık Kerem
25 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سائیرون، بەدر زەیادی رایگەیاند کە ژمارەیەک لایەنی سیاسیی ھەوڵی دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەدەن.
بەدر زەیادی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە ژمارەیەک لایەنی سیاسیی ھەوڵی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان دەدەن، ئەوەیش بە ئامانجی دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و گوتی:
"ژمارەیەک لایەنی سیاسیی نایانەوێت، ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو، ئەنجام بدرێت".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سائیرون، بەدر زەیادی سەبارەت بە بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لەبارەی ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردن لە دەرەوە، رایگەیاند کە ئەو بڕیارەی کۆمیسیۆن پێشتر گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە و پێچەوانەی دەستوورە و گوتی:
"ژمارەیەک لایەنی سیاسیی، تانەیان لەسەر ئەو بڕیارەی کۆمیسیۆن لە دادگا تۆمارکردووە".
پێشتر گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای راگەیاندبوو کە کۆمیسیۆن بڕیاریداوە دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە دەرەوە ئەنجام نەدرێت.