Bekir Aydoğan
25 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2021
مووسڵ- AA
توركیا نۆ ئۆتۆمبیلی خزمه‌تگوزاریی شاره‌وانی ده‌به‌خشێته هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی مووسڵ، كه‌ركووك و دیاله و شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر.
كۆنسوڵی توركیا له مووسڵ، مه‌همه‌ت كوچوكساكاڵڵی له باڵه‌خانه‌ی پارێزگای مووسڵ، له‌گه‌ڵ پارێزگار، نه‌جم جبووری سه‌باره‌ت به‌و ئۆتۆمبیلانه‌ی توركیا ده‌یبه‌خشێته عێراق، پرۆتۆكۆڵێكیان واژووكرد.
دوای رێوره‌سمی واژووكردنی پرۆتۆكۆڵه‌كه، مه‌همه‌ت كوچوكساكاڵڵی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له هه‌ر سه‌ردانێكیدا بۆ مووسڵ شاره‌كه له دۆخێكی باشتردا ده‌بینێت و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه مووسڵ له هه‌وڵدایه بكه‌وێته‌وه سه‌ر پێی خۆی.
كوچوكساكاڵڵی رایگه‌یاند: "ئێمه خوازیارین مووسڵ سه‌رله‌نوێ و له كورتترین ماوه‌دا له هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی ئابووریی، پیشه‌سازیی، كولتوور و هونه‌ردا، وه‌ك دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراق ده‌ربكه‌وێته‌وه و پشتیوانیی ده‌كه‌ین له‌وباره‌یه‌وه".
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه پشتیوانییه‌كانیان له هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی په‌روه‌رده، ته‌ندروستیی، خزمه‌تگوزاریی شاره‌وانی و بواره‌كانی دیكه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت.
كۆنسوڵی توركیا له مووسڵ باسی له‌وه‌شكرد كه سه‌باره‌ت به به‌خشینی ئۆتۆمبیله‌كان، پرۆتۆكۆڵێكیان له‌گه‌ڵ پارێزگاری مووسڵ واژووكردووه و رایگه‌یاند:
"توركیا بڕیاریدا نۆ ئۆتۆمبیلی خزمه‌تگوزاریی شاره‌وانی ببه‌خشێته ئه‌و ناوچانه‌ی كه به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه زیانیان به‌ركه‌وتووه. دووان له ئۆتۆمبیله‌كان بۆ مووسڵ و دانه‌یه‌كی ده‌به‌خشرێته ته‌له‌عفه‌ر. ئه‌وه‌شی كه ده‌مێنێته‌وه بۆ كه‌ركووك و دیاله ده‌نێردرێت. وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێكردووه، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق و مووسڵ مێژووییه. هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگربێت له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه. په‌یوه‌ندییه‌كان رۆژ به رۆژ به‌ره‌وپێش ده‌چن و به‌رده‌وام ده‌بن. كۆنسوڵخانه‌ی توركیا له مووسڵ له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، پشت به خوا له مانگی ئاینده‌دا ده‌كه‌ینه‌وه".
لای خۆیشییه‌وه پارێزگاری مووسڵ، نه‌جم جبووری خۆشحاڵی ده‌ربڕی له پێشوازییكردن و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆنسوڵی توركیا له مووسڵ و سوپاسی كردن.
نه‌جم جبووری رایگه‌یاند: "له‌و كاته‌وه‌ی كه كۆرۆنا بڵاوبووه‌ته‌وه، توركیا له بواری ته‌ندروستیی و بواره‌كانی دیكه‌دا، هاوكاریی پێشكه‌شكردووین و هه‌میشه ئاماده‌بووه بۆ هاوكارییكردنمان. خوازیارین له‌پێناو دانیشتوانی مووسڵ و سه‌رجه‌م عێراقدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان هه‌میشه له‌گه‌ڵ توركیای برادا به‌هێزتر بێت".