Zana Natık Kerem
07 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق کوژرانی مەفرەزیەکی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە پارێزگای کەرکووک، راگەیاند.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کە بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی لەبارەی کوژرانی ژمارەیەک پۆلیسی فیدراڵیی لە کەرکووک سازکرا، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، فەریق روکن عەبدولوەھاب ساعدی بەڵێنی ئەوەی دابوو کە ھێزەکانی دژەتیرۆر وەڵامی توندی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەدەنەوە و ھاتووە:
"ھێزەکانی دژەتیرۆر بە تاکتیکێکی نوێ، توانیویانە مەفرەزیەکی پاشماوەکانی داعش لە پارێزگای کەرکووک بکوژن کە ھەوڵیاندابوو، ھێرش بکەنە سەر ھێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکە".
لیوا یەحیا رەسوڵ باسی لەوەشکردووە کە مەفرەزەکەی داعش دوای چاودێرکردنیان لە سنووری ناحیەی پردێ باکووری پارێزگای کەرکووک، کەوتوونەتە بۆسەیەکی ھێزەکانی دژەتیرۆرەوە و کوژراون.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ھێزەکانی دژەتیرۆر بەردەوامبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی پاکسازیکردنی ناوچەکانی عێراق لە تیرۆریستان و هزری توندئاژۆیی.
پێشتر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکووک، فەریق روکن عەلی فرێجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو کە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، چوار تیرۆریستی داعش لە سنووری ناحیەی پردێ باکووری پارێزگای کەرکووک کوژراون.