Zana Natık Kerem
27 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە پێویستە رەوشی پارێزگای زیقار ھێور بکرێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەرت بە ئیدارەی نوێی پارێزگاکە بدرێت، تا بتوانێت ئەرکەکەی خۆی لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان جێبەجێ بکات.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار باشووری عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی، رێوشوێنەکانی ئەم دواییەی تایبەت بە پارێزگای زیقار لەوانە راسپاردنی پارێزگاری نوێ و پێکھێنانی ئەنجوومەنی راوێژکاریی گرێدراو بە سەرۆکوەزیران و لێکۆڵینەوەی فراوان لەبارەی بەرپرسانی رووداوەکانی ئەم دواییە سەرەتایەکە بۆ دەستکردن بە ھەڵمەتێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە.
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوا لە دانیشتوان و ھۆزەکانی زیقار کردووە لەوەی بەشداربن لە ھێورکردنەوەی رەوشەکە، بۆ ئەوەی دەرفەتی پێویست بدرێتە ئیدارەی نوێ بۆ ئەوەی ئەرکی خۆی لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان جێبەجێ بکات.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو کە مستەفا کازمی جەختیکردووەتە لەسەر ئەوەی کە حکوومەت ھەموو پاڵپشتییەک پێشکەش بە پارێزگاری نوێی زیقار، عەبدولغەنی ئەسەدی و ئەنجوومەنی راوێژکاریی دەکات بۆ باشترکردنی رەوشی پارێزگەکە و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بە ھاووڵاتییان.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، عەلی بەیاتی رایگەیاندبوو کە لە میانی پێنج رۆژی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار، پێنج خۆپیشاندەر کوژراون و ٢٤٧ کەسی دیکە برینداربوونە کە ١٤٧یان کارمەندی ئەمنیین.
ھاوکات لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا، پارێزگاری زیقار، نازم حەمید وائیلی دەستی لەکارکێشایەوە و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عەبدولغەنی ئەسەدی وەک پارێزگار بە وەکالەت دەستنیشانکراوە.