Zana Natık Kerem
12 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
شاندێکی باڵای سوپای عێراق بە سەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سوپاسالاری پێشمەرگە، فەریق جەمال ئیمنیکی گەیشتە قەزای مەخموور باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای نەینەوا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری ھەریەک لە یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، فەریق روکن قەیس محەمەداوی و فەرماندەی ھێزی وشکانیی عێراق، لیوا روکن قاسم محەمەدی گەیشتە قەزای مەخموور کە لە میانیدا لەگەڵ سوپاسالاری پێشمەرگە، فەریق جەمال ئیمنیکی بۆ تاوتوێ کردنی ھاوھەماھەنگیی ئەمنیی نێوان ھەردوولا لەو ناوچانەی کە جێگای بایەخی ئەمنی ھاوبەشن کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی میحوەرکان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، لەبارەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و ھاریکارییەکانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە گفتوگۆ دەکرێت.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی هەشتی ئەم مانگە، ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دوو ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە ئەنجام دا.
ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیش هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ قەزای مەخموور کە لە رۆژی هەشتی ئەم مانگە ئەنجامی دا و لە میانیدا لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان و پێشمەرگە کۆبوویەوە.