Arif Yusuf
10 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2019
بەسرە ــ AA
سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند كە لە ئاكامی بەكارهێنانی گوللـەی راستەقینە لە لایەن هێزەكانی سوپاوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسرە، هەشت خۆپیشاندەران برینداربوون.
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكانی سوپا گوللـەی راستەقینەیان بەكارهێناوە بەرامبەر دەیان خۆپیشاندەر لە ناحیەی ئوم قەسر باشووری پارێزگای بەسرە".
بەگوتەی سەرچاوەكە، سەرەتا خۆپیشاندەران هێزەكانی سوپایان بەرد باران كردووە و دواتر ژمارەیەك تایەی ئۆتۆمبێلیان سوتاندووە ئەوەش هێزەكانی سوپای ناچاركرد گوللـەی راستەقینە بەكاربهێنن كە بەهۆیەوە هەشت خۆپیشاندەر برینداربوون.
لە لایەكی دیكەوە خۆپیشاندەرێك لە پارێزگای دیوانییە بەناوی جەمیل ساعدی رایگەیاند كە خۆپیشاندەران رێگەی نێوان قەزای حەمزە و ناوەندی پارێزگاكەیان داخستووە.
جەمیل ساعدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە شەوی رابردووەوە دەیان خۆپیشاندەر رێگەی سەرەكی نێوان قەزای حەمزە و ناوەندی پارێزگای دیوانییە-یان داخستووە، ئەویش وەك ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر بە سەركوتكردن و كوشتنی خۆپیشاندەران".
پشتبەستن بە ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیكەی ٤٨٥ كەس كوژراون و ١٧ هەزاری دیكەیش لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.
بەغدا.. گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توندچاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ سێشەممە خۆپیشاندانی ملیۆنی لە شاری بەغدا ئەنجام بدرێت و لەبەرامبەردا، هێزە ئەمنییەكان رێوشوێنی توندیان لەسەرتاسەری شارەكە گرتووەتەبەر.
لە شەوی رابردووە سەدان خۆپیشاندەر لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق روویان لە شاری بەغدا كردووە بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە خۆپیشاندانی ملیۆنی کە چاوەڕان دەکرێت ئەمڕۆ بۆ ئیدانەكردنی كوشتنی خۆپیشاندەران و چالاكوانان ئەنجام بدرێت.
لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان رێوشوێنی توندیان لەسەرتاسەری شاری بەغدا گرتووەتەبەر و لەوبارەوە ئەفسەر لە پۆلیسی شارەكە، نەقیب ئەحمەد خەڵەف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە شەوی رابردووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا رێوشوێنی ئەمنی توندی لەسەرتاسەری شارەكە گرتووەتەبەر بەتایبەتیش لە نزیك گۆڕەپانەكانی تەحریر و خەلانی و ناوچەكانی دەورووبەریان".
ئەحمەد خەڵەف باسی لەوەیشكرد كە هێزێكی زۆری ئەمنی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بڵاوكراونەتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە خۆپیشاندەران نەدەن بچنە ناوچەكە كە باڵەخانەكانی حكوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران و نێردە دیپلۆماتییەکان لەخۆدەگرێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە لە دوێنێ دووشەممەوە چالاكوانان و خۆپیشاندەران ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە گەورەترین خۆپیشاندان لە شاری بەغدا ئەنجام بدەن بەتایبەتیش كە لە شەوی رابردووە، ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەر لە ناوچەكانی دیكەوە روویان لە شارەكە كردووە.
لەوبارەوە چالاكوانێكی خۆپیشاندانەكانی بەغدا، بەناوی محەمەد ئیقبال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ئەمڕۆ سێشەممە گەورەترین خۆپیشاندان دژبە گەندەڵكاران و بكوژانی خۆپیشاندەران لە بەغدا ئەنجام دەدرێت".
محەمەد ئیقبال گوتیشی: "لەئێستادا ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریردا گردبوونەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە خۆپیشاندانی ملیۆنیدا".