Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
نووسینگەی ئەندام لە ھاوپەیمانیی تەقەدوم، عەبدولکەریم عەبتان لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کرایە ئامانج.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی بەغدا بە پلەی نەقیب کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە دەرنگانی شەوی رابردوو، چەکدارانی نەناسراو بە نارنجۆک ھێرشیان کردووەتە سەر نووسینگەی عەبدولکەریم عەبتان لە ناوچەی سەیدییە رۆژئاوای بەغدا.
ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەیش دا کە ھێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمە دووەم جارە کە ھێرش بکرێتە سەر نووسینگە و بارەگاکانی ھاوپەیمانیی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و رۆژی ھەینی رابردوو لە ناوچەی ئەعزەمییە باکووری بەغدا، بە بۆمب ھێرش کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی ھاوپەیمانیی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی کە تەنھا زیانی ماددی لێ کەوتەوە.
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوە و زانیارییەک لەبارەی ھێرشەکەی ئەمڕۆ لەلایەن ھاوپەیمانیی تەقەدوم و بەرپرسانی عێراقەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.
ھاوپەیمانیی تەقەدوم لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا لە کۆی ٣٢٩ کورسی، ٣٧ کورسی بەدەستھێنا و بووە دووەم براوەی ھەڵبژاردنەکان.
ئەمەیش لە کاتێکدا چەند رۆژێک لەمەوبەر بەھەمان شێوە ھێرش کرایە سەر لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و کادرێکی ئەو حزبە لە بەغدا، بەڵام ھێرشەکان زیانی گیانیان نەبوو.
ھەروەھا لە چەند رۆژی رابردوودا، سێ مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا کران و لە ئاکامدا، دوو کەس برینداربوون.
چاودێرانی سیاسی ئەو هێرشانە بە "پەیامێکی سیاسی" دەزانن و تا ئێستاش هیچ لایەنێک بە بکەری ئەو کردەوانە تۆمەتبار نەکراوە.