Sarmand Hameed
15 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە بۆمبێکی چێندراوی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی قۆری چای لە سنووری گەرمیان بە شوانێکدا تەقیوەتەوە.
لەو راگەیەندراوەی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "دوای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە سنوری میحوەری دووی گەرمەسێر و پاککردنەوەی ناوچەیەکی بەرفراوانی زەوی لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لەهەمان سنوور بۆمبێکی چێندراو، کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دانرا بوو، بە شوانێکدا تەقییەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە تەقینەوەی بۆمبە چێندراوەکە زیانی گیانی نەبووە و شوانەکە سەلامەتە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا، جێگیربوون و توانیویانە، دەیان مۆڵگەی تیرۆرستان تێک بدەن و چەندین پاشماوەی بۆمبی چێندراو و حەشارگەی تیرۆریستان بدۆزنەوە و خاپووری بکەن.
لە ماوەکانی دواییدا پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتییانی سڤیل بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان رووی لە زیادبوون کردووە.
لەو زنجیرە پەلامارانەی کە لە میانی مانگی رابردوودا داعش لە سنووری کەرکووک و مەخموور و گەرمیان ئەنجامی دا، ژمارەیەک پێشمەرگە و هاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی.
رۆژی هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجام دا، کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.