Zana Natık Kerem
17 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای دیالە، سامر زەرگوشی رایگەیاند، دوای گەڕانەوەی دوا کاروانی ئاوارەکان لە ناحیەی سەعدییە بۆ زێدی خۆیان، دۆسیەی ئاوارەکان بەتەواوی لەو ناحیەیە داخراوە.
سامر زەرگوشی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ سێشەممە دوا کاروانی ئاوارەکان کە ژمارەیان ٨٠٠ خێزان بوو و لە ٣٠ی گوند و ناوچەکانی سەربە ناحیەی سەعدییە نیشتەجێبوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان و گوتی:
"بەوەیش، دۆسیەی ئاوارەکان بەتەواوی لە ناحیەی سەعدییە داخراوە".
بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە هەروەها گوتی: "لەئێستادا تەنھا ھەزار و ٥٠٠ خێزانی ئاوارە لە کەمپ و ناوچەکانی سنووری پارێزگای دیالە ماوەن و رەتی دەکەنەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
سامر زەرگوشی ئاشکراشیکرد کە لە کۆی حەوت ھەزار و ٥٠٠ خێزان کە بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە لە ٢٠١٤دا، ئاوارەی ناحیەی سەعدییە بووبوون، شەش ھەزاریان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.