Zana Natık Kerem
22 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2019
بەغدا ــ AA
رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە راگەیاند كە لە یەكێك لە دەروازەكانی شاری كەربەلا باشووری عێراق روویدا و بەهۆیەوە، ١٢ كەس كوژران و پێنجی دیكەش برینداربوون.
هەژمارەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش راگەیەندراوێكیان بەناو ویلایەتی باشوور بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەكەی شاری كەربەلا باشووری عێراق راگەیاندووە.
لای خۆیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی فورات سەربە حەشدی شەعبی، عەلی حەمدانی رایگەیاندووە كە ئەنجامدەری تەقینەوەكە لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیركراوە.
عەلی حەمدانی لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەنجامدەری تەقینەوەكە، ئەو جۆرە بۆمبەی كە لە دوور بە کۆنترۆڵ دەتەقێندرێتەوە لە پاسێكدا چاندبوو كە ژمارەیەك هاووڵاتی لە بەغداوە دەگواستەوە بۆ كەربەلا.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی فورات سەربە حەشدی شەعبی، عەلی حەمدانی ئاشكراشیكردووە ئەنجامدەری تەقینەوەكە دانیشتوی ناوچەی جورف نەسر باشووری رۆژئاوای بەغدایە و لە گەڕەكی عەسكەری لە قەزای مسەیەب باكووری پارێزگای بابل نیشتەجێیە، پێشتر دوو پەلاماری تیرۆریستی دیكەشی لە قەزاكەدا ئەنجامداوە.
پێشتر نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندبوو، ئەنجامدەری تەقینەوەکەی شاری كەربەلا كە كوژرانی ١٢ كەس و برینداربوونی پێنج كەسی لێكەوتەوە، دەستگیركراوە.
دوێنێ شەممە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندبوو، رۆژی هەینی بۆمبێك كە لەنێو پاسێكدا چێنرابوو لە نزیك خاڵێكی پشكنینی ئەمنی لە دەروازەی شاری كەربەلا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە، ١٢ كەس كوژراون و پێنج كەسی دیكەش برینداربوون.