Sarmand Hameed
16 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2020
بەغدا - AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، دوو مووشەکی جۆری کاتیوشا لەناو بنکەیەکی سەربازیی لە باکووری بەغدا کە هێزەکانی ئەمریکا تیایدا جێگیرکراون، کەوتەخوارەوە.
ئەم هێرشە بە سێیەم هێرشی هاوشێوە دادەنرێت کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک بکرێتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەربازانی ئەمریکی لە عێراق تیایاندا جێگیرکراون.
لەو راگەیەنراوەکەی کە لەلایەن شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوو مووشەکی جۆری کاتیوشا لەناو بنکەی سەربازیی تاجی باکووری بەغدا کەوتەخوارەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دەرکەوتووە ئەو دوو مووشەکە لە ناوچەی راشیدییەوە ئاراستەکراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەو روونکراوەتەوە کە ئەو هێرشە مووشەکییە زیانی گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا هێناوە یان نا.
لەلای خۆیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، نەقیب ئەحمەد خەلەف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئەو هێرشە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شوێنی کەوتنەوە مووشەکەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە نەزانراوە کە ئەو هێرشە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە یان نا.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە.
رۆژی سێ کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هەریەک لە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، ئەبو مەهدی موهەندیس لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
ئەم رووداوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و رۆژی پێنجی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
دوای ئەو بڕیارە ناو بەناو بە مووشەک هێرش دەکرێتە سەر ناوچەی سەوز و ئەو بنکە سەربازییانەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیرکراون.
ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بەتایبەت حزبوڵڵای عێراق بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.