Ozhin Jola
16 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2020
کەرکووک - AA
کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی لیوای ١٦ی حەشدی شەعبی گەڕان و پشکنینیان لە گوندەکانی بڵاوە، عەمەل شەعبی و ئەلبو شاهر سنووری پارێزگای کەرکووک ئەنجام دا کە دوو رۆژ لەمەوبەر دوو چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر ئەو گوندانە و هاووڵاتییەکیان کوشت و کەسێکی تریان بریندار کرد و دواتر هەردوو چەکدارەکە کوژران.
بەرپرسی راگەیاندنی لیوای ١٦ی حەشدی شەعبی، عەلی خەفاجی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند کە لە میانی پشکنینی ئەو گوندانەدا، دەستیان بەسەر ژمارەیەک بۆمبی چێنراودا گرتووە کە لەڕێگای گوندەکان دانرابوون و لەلایەن ئەندازیارانیانەوە بۆمبەکانمان تەقێنراونەتەوە.
عەلی خەفاجی گوتی: "تەواوی ئەو گوندانەی دەکەونە سنووری کەرکووکەوە پاک کراونەتەوە لە بۆمب و بەردەوامیشین لەڕاونانی شانە نووستوەکانی داعش لە کەرکووک و سنووری لیواکەمان".
عەلی خەفاجی وردەکاری هێزی بەشداربووی پشکنینەکە ئاشکرا کرد و گوتی: "بە ١٠٠ چەکداری حەشد و ٢٥ ئۆتۆمبێلی سەربازی ئەو پشکنینەی شەوی رابروومان ئەنجامداوە".