Sarmand Hameed
04 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا - AA
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کوژراون، بەرزبووەتەوە و گەیشتە ٦٠ کەس.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە کە رۆژی سێشەممە دەستی پێکرد، تاکو ئێستا ٦٠ کەس کوژران و دوو هەزار و ٥٠٠ ی دیکە بریندار بوونە کە زۆربەیان خۆپیشاندەرن".
سەرچاوەکە روونی کردەوە کە زۆربەی قوربانییەکان بە گوللـە کوژراون و ئاماژەی بەوەشکرد کە نەخۆشخانەکانی وەزارەتی تەندروستی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەمبوڵانسەکان بە بەردەوامی و بە تایبەت لە شاری بەغدا بریندار و تەرمی کوژراوەکانیان دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانە.
لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە خۆپیشاندان لە شاری بەغدای پایتەخت و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق ئەنجام دەدەرێت.