Zana Natık Kerem
15 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت رایگەیاند "تەرخانکردنی پارە بۆ ئاسایشی شنگال، چارەسەری دۆخی ئەمنیی شارەکە ناکات، تاکو ھێزی نایاسایی لە شنگالدا ھەبن، بۆیە پێویستە ھێزە نایاسایییەکان نەمێنن، ئەوکات تەرخانکردنی پارە بۆ پاڵپشتیکردنی ھێزە ئەمنییەکان ھەنگاوێکی باشە".
ئەو گوتەیەی عەبدولخالق تەڵعەت لە کاتێکدایە کە دۆینێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەک ملیار و٥٠٠ ملیۆن دیناری، بەمەبەستی پتەوترکردنی ئاسایشی شنگال بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان تەرخان کرد.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە "ئەو بەرنامەیەی دانراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی شنگال، پێویستی بە ھاوکاریی ماددیی ھەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، چونکە ھێز لەو ناوچانە جێگیر کراون، بۆیە تەرخانکردنی ئەو پارەیە وا دەکات کارەکان باشتر بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەوەی گرنگە تەرخانکردنی پارە نییە، بەڵکو پاراستنی شنگال و ئەمنیەتی شارەکە گرنگە".
گوتیشی: "بە تەرخانکردنی پارە، ناتواندرێت دۆخی ئەمنیی شنگال کۆنترۆڵ بکرێت و ئەو کاتە دەتوانرێت ئەو ھێزە نایاسایییانەی کە لەوێن، دەربکرێن و ئەمنیەتی شار بکەوێتە دەست ھێزە ئەمنییەکان و ئەوان پارێزگاریی لێ بکەن و جگە لەوەش، پۆلیس ئەمنیەتی ناوشار بپارێزێت و ئەو ھەزار کەسەی بڕیار بوو دابمەزرێندرێن، ئەوانیش دامەزرێن و ئەمە رێگەچارەی تەواوە بۆ شنگال، نەک تەنھا تەرخانکردنی پارە".
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت دەشڵێت: "پارەی زیاتریش خەرج بکرێت، ناتوانرێت کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنیی شنگال بکرێت، ئەگەر بوونی ھێزی نایاسایی لە شنگال بەردەوام بێت".