Rawan Subhi Obaidullah
17 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2022
دھۆک - AA
رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچەی بارێ نزیک کۆمەڵگای خانەسۆر سەربە قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا تاوەکو ناوچەی ھۆل لە پارێزگای حەسەکە لە سووریا تونێلی لێداوە و زۆر بە ئاسایی ھاتۆچۆی تێدا دەکات.
بەپرسانی سیاسی و سەربازیی لە شنگال ئاشکرای دەکەن کە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە قەزاکەیان، تونێلی لێداوە و بە جۆرێک کە بە ئاسانی ھاتۆچۆی تێدا دەکات و چەکدار و چەک و تەقەمەنی لەو رێگایەدا لە شنگالەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکە لە سووریا دەگەینێت.
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئاشتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، خەلەف دەخیل بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ رایگەیاند: "پەکەکە بە درێژایی ١٢ کیلۆمەتر لە نێوان دۆڵەکانی ناوچەی بارێ کە ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە رۆژھەڵاتی کۆمەڵگای خانەسۆر سەربە قەزای شنگال تونێلێکی دروستکردووە بۆ سنووری سووریا و تۆنێلەکە درێژە دەکێشێت تاوەکو ناوچەی ھۆل لە پارێزگای حەسەکە لە سووریا و زۆر بە ئاسانی ھاتۆچۆی تێدا دەکات و چەکدار و چەک و تەقەمەنی لەو رێگایەدا لە شنگالەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکە لە سووریا دەگەینێت".
گوتیشی: "تونێلەکە چەندین ساڵە دروستکراوە و ئەوەندەش گەورەیە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر زۆر بە ئاسانی ھاتۆچۆی تێدا دەکەن و زانیاریمان ھەیە کاتی خۆی لە کاتی دروستکردنی بە کەسێکیان گوتووە پێویستیمان بە دابینکردنی زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار بلۆک ھەیە بۆ ئەوەی لە تونێلەکە بەکاربهێنین".
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ھەر جموجۆڵێکی پەکەکە ئاگادارن بەڵام ھیچ کاردانەوەکیان نییە".
سەبارەت بەوەی کە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک سوپای عێراق ھەوڵی دا پەکەکە لە شنگال دەربکات و کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات، خەلەف دەخیل گوتی: "ئەو رووبەڕووبوونەوەی کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ لە نێوان سوپای عێراق و پەکەکە لە شنگال روویان دا ھەمووی سیناریۆ بوو، حەشد و پەکەکە گرێدراوی وڵاتانی هەرێمیین، پەکەکە لە شنگال ھاوشانی ئەو ھێزە حەشدی شەعبییە کە دژی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و دژی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدان سەبارەت ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال و مانگانەش مووچە و چەک و پێداویستی لەو ھێزە میلیشیایانە وەردەگرن".
خەلەف دەخیل گوتیشی: "پەکەکە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا بە سەدان گەنجی ھەرێمی کوردستان رفاندووە بێ ئەوەی کەسوکاریان بزانن لە چ شوێنێکن و چارەنووسیان دیار نییە. ئەوانەی بە مەرجەکانیان رازین کە شەڕ بکەن نایانکوژن و ئەوانەی دژایەتی بۆچوونیان دەکەن دەکوژرێن".
لای خۆیەوە فەرماندەی ھێزی پاراستنی ئێزدخان، حەیدەر شەشۆ بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "پەکەکە ناتوانێت دەروازەی سنووریی پێشابوور و دەروازەی سنووریی رەبیعە بۆ ھاتۆچۆ بەکاربێنێت، بەڵام رێگای تر ھەن کە بەردەوام دەتوانێت بەکاربێنێت و ھاتۆچۆی تێدا بکات و پەکەکە بێ حەشدی شەعبی ناتوانێت هیچ سنوورێک بەکاربهێنێت، بەڵام پەکەکە لە شنگال بە ئاگاداری حەشدی شەعبی درێژایی رێگای سنووری شنگال لەگەڵ وڵاتی سووریا بەکاردەهێنێت و بێ ئەوەی حەشدی شەعبی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات. پەکەکە لە سنووری رەبیعە تاوەکو ئوم زویبان بە درێژایی ١٠٠ بۆ ١٥٠ کیلۆمەتر و تاوەکو ناوچەی ھۆل لە پارێزگای حەسەکە زۆر بە ئاسانی ھاتۆچۆی تێدا دەکات و سنووری بۆ کراوەیە".
سەبارەت بە لێدانی تونێل لە لایەن پەکەکەوە، حەیدەر شەشۆ گوتی: "پەکەکە ھەر تونێلێک لێبدات بە ھەماھەنگی و ئاگاداربوونی حەشدی شەعبییە و ئێمە لەو باوەڕەداین لە ناوچە شاخاوییەکانی شنگال پەکەکە تونێلی ٣٠٠ مەتری بۆ ٤٠٠ مەتری لێدابێت".