22 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند كە لە میانی قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانەكانی عێراق"دا، ژمارەیەك حەشارگە و تونێلی تیرۆریستانی داعش خاپووركراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە کردووە كە هێزەكانیان لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانەكانی عێراق" كە بە ئامانجی پشكنین و پاكسازیكردنی ژمارەیەك ناوچە لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین لە سێ محیوەرەوە دەستیان پێكردووە، بەردەوامن.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، هێزەكان پێشڕەویی باشیان كردووە و ژمارەیەك حەشارگە و تونێلی تیرۆریستانی داعشیان خاپووركردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە روونكراوەتەوە كە هێزەكانی لیوای 34ی سەربە فیرقەی نۆی زرێپۆش، دوو حەشارگە و یەك تونێلی تیرۆریستانی داعشیان لە ناوچەكە خاپووركردووە، هەروەها 21 بۆمبیان پووچەڵكردووەتەوە.
باسی لەوەیش كردووە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، هێزەكانی لیوای كۆماندۆ و حەشدی شەعبی چوار حەشارگە كە دووانیان تایبەت بوون بە دروستكردنی بۆمب لە ژمارەیەك ناوچەی سەڵاحەددین خاپوور كردووە.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانەكانی عێراق"، بە ئامانجی پشكنین و پاكسازیكردنی ژمارەیەك ناوچە لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین لە سێ محیوەرەوە دەستی پێ كرابوو.
لای خۆیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، عەمید یەحیا رەسول رایگەیاندبوو كە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، پشكنین و پاكسازكردنی رووبەری چوار هەزار و 835 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە، هەروەها راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و كەسانی داواكراوە.
لە ماوەكانی رابردوودا، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانەكانی عێراق"، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدرابوو كە لە میاندا، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون و ژمارەیەك حەشارگەیش خاپووركران.