Heman Hussein Yaseen
22 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
ماوەی دوو رۆژە چەند رۆژنامەنووسێک ئەنجامی پشکنینەکانیان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بە پۆزەتیڤ ھاتووەتەوە، پێشبینیش دەکرێت ژمارەی رۆژنامەنووسانی تووشبوو بەهۆی پیشەکەیانەوە بەرزبێتەوە.
دوێنێ پەیامنێری یەکێک لە دەزگاکانی راگەیاندن دوای پشکنین، دەرچوو کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و بۆخۆیشی لە هەژمارەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندبوو کە ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ بووە، ئەمڕۆیش پشکنین بۆ ژمارەیەک کارمەندی یەکێک لە دەزگاکانی راگەیاندن کراوە و تیایدا حەوت کەس ئەنجامەکانیان پۆزەتیڤ بووە و بەپێی زانیارییەکانیش ئەو حەوت کەسە دوێنێ بەشداری کۆبوونەوەیەکی فراوانی دەزگاکەیان کردووە.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون بەرزبێتەوە، چونکە رۆژانە رۆژنامەنووسان بەھۆی پیشەکەیانەوە بەرکەوتەیان دەبێت.
ھەفتەی رابردوو بەھۆی ئەوەی کە ژمارەیەک بەڕێوەبەری شارەوانی ھەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، پارێزگاری ھەولێر بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم شارەوانییەکان بۆ ماوەی یەک ھەفتە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆیش، ھونەرمەند عەتا چاوشین بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە شاری سلێمانی گیانی لەدەست دا.
دوای ھاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژانە رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ژمارەی ئەو کەسانەیشی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانلەدەست دەدەن لە ھەڵکشاندایە.