Zana Natık Kerem
12 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
شاندێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک کە بەھۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداو و ١٦ کەسی دیکەیش برینداربوون، گەیشتە شارەکە.
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەریوان قەرەنی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا، شاندێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک، لە شارەکەن.
مەریوان قەرەنی کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە باسی لەوەیش کرد، لە میانی سەردانەکەیان پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، راکان سەعید جبوری و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، فەریق روکن جەبار نعێمە تائی کۆدەبنەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەیش کرد، لە سەردانەکەیان بۆ کەرکووک، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەبارەی رووداوەکانی رۆژی دووی ئەم مانگە لە کەرکووک دەکەن و دواتر راپۆرتێک سەبارەت بە دەرئەنجامی سەردانەکەیان ئامادەدەکەن و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەن.
رۆژی نۆی ئەم مانگە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنەکەدا، داوای کرد لیژنەیەک لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداوچوون لە رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک پێکبھێندرێت.
ھەروەھا ١٠ی ئەم مانگە ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران محەمەد حەلبووسی بۆ پێکھێنانی لیژنەیەک لە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە پێناو لێکۆڵینەوە لە راست و دروستی رووداوەکانی کەرکووک دووپات کردەوە و خەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتیی بکرێت و ھەر کەسێک کە سەلمێنرا تێوەگلاوە سەر بە ھەر لایەنێک بێت سزا بدرێت.
ئەمەیش داوای ئەوە دێت، لایەنگرانی حەشدی شەعبی کە بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی شارەکە لەگەڵیاندا بوون لە رۆژی ٢٨ی ئابەوە تا ٢ی ئەم مانگە، دژبە بڕیاری رادستکردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگای سەرەکی نێوان شاری کەرکووک و ھەولێریان داخستبوو.
دواتر رۆژی ٢ی ئەم مانگە، ھاووڵاتییانی کوردی کەرکووک، وەک ناڕەزایی لە دژی داخستنی ئەو رێگایە، دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدا و ئاڵۆزی دروست بوو کە بەھۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ١٦ی دیکەیش برینداربوون.
ھاوکات رۆژی ٧ی ئەم مانگە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای کرد لیژنەیەکی بێلایەن لە نوێنەرانی ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێم بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی شاری کەرکووک پێکبھێندرێت.