Heman Hussein Yaseen
08 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2022
هەولێر - AA
لەگەڵ یادکردنەوە و رێوڕەسمەکانی تایبەت بە عاشورا، ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانی باشووری عێراق کە دانیشتووی شاری ھەولێرن لە مزگەوتی ئاڵتوون ستی، بەدەم سروتی ئایینی و سنگکوتانەوە، ئەم یادەیان کردەوە.
لە یادەکەدا، پەیڕەوانی شیعە مەزھەب بە پۆشینی جلی رەش و بە دەم سنگکوتانەوە، سروتی ئایینی دەڵێنەوە و لە شارە گەورەکانی وەک نەجەف و کەربەلا، بە زنجیر لەخۆیان دەدەن و زۆرجاریش بەمھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی بریندار دەبن و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.
لەم رۆژەدا جۆرە خواردنێکی تایبەت دروست دەکرێت و بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت و پێی دەڵێن خواردنی عاشورا.
ساڵانە لە رۆژی دەیەمی مانگی موحەڕەمدا، پەیڕەوانی شیعە مەزھەب رێوڕەسمێکی شین و ماتەم دەگێڕن بەھۆی ئەوەی لەو رۆژەدا ئیمام حوسێن و ژمارەیەک لە کەسوکار و یاوەرانی لە شەڕی کەربەلا کوژران و لەم یادەدا بە ملیۆنەها کەس لە پەیڕەوانی شیعە مەزهەب لە ئێرانەوە بەرەو کەربەلا دەچن و بەشداری بۆنەکە دەکەن.