Zana Natık Kerem
01 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە ھیوادارن ساڵی نوێ، ساڵی چاکسازیی و گەشەپێدان بێت بۆ گەلی عێراق.
مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٢، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی-دا ھاتووە: "ھیوادارین ساڵی نوێ، ساڵێکی خێر و خۆشی، چاکسازیی، بووژانەوە و پێشکەوتن بێت بۆ گەلەکەمان و سەرجەم مرۆڤایەتیی".
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە: "عێراقییەکان بە ئازایەتیی و خۆڕاگریی ھاوشێوەی گەلانی زیندوو، بەرەوڕووی ئاڵنگاریی گەورە بوونەوە و، توانای ئەوەشیان بە یەکریزیی و بەھەمانگیی لەسەر بنەمای دادپەروەریی، کارو و ئاوەدانی، ھەروەھا بەرەتکردنەوەی وێرانکاریی و پاشەکشە، داھاتووی خۆیان دروست بکەن".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەیشداوە کە دەوڵەت، ھێزلە شیرازەی پتەوی گەلەکەی وەردەگرێت، دیاردەی (نا دەوڵەت) لەسەر بەریەککەوتن و کێشمەکێش و خراپی دەژێت و نووسیوویەتی: "گەلەکەمان شایەنی دەوڵەت و حکومڕانییەکی باشە کە ھەوڵی بۆ دەدرێت".
مستەفا کازمی ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە حکوومەت سەرکەوتبووە لە باشترکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق، ھەروەھا ھێورکردنەوەی گرژییە ھەرێمییەکان و، جگە لەوەیش عێراقیشی گەڕاندووەتەوە سەر سەنگ و پێگەی خۆی لە سەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی و نووسیوویەتی: "ساڵێک بەخۆشی و ناخۆشییەکانەوە تێپەڕی، لە ساڵی رابردوو پەڕەی سپی-مان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە بواری ئابوورییدا پێشکەش کرد کە رەنگدانەوەی باشی لەسەر کەرتە نیشتمانیی و نێودەوڵەتییەکان ھەبوو و، ھەروەھا پەڕەی سپی، پلانێکە کە بۆ پێنج ساڵی داھاتوویش، کاری لەسەر دەکرێت".
مستەفا کازمی ئەوەیشی نووسیووە: "ساڵی رابردوو، ساڵی چوونەدەرەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، ھەروەھا گۆڕینی ئەرکی راوێژکاران بوو بۆ پاڵپشتیکردن لە ھێزەکانمان لەشەڕەکانی دژبە داعش، دوای ئەوەی توانیویان گەورەترین سەرکردەی رێکخراوە تیرۆریستییەکە لەناو ببەن، جگە لەوەیش ساڵی رابردوو ساڵی گێرانەوەی متمانەی گەل-یش بوو بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، سیستمی دیموکراتیی و، ھەروەھا ئاسۆی نوێی کردووە بۆ دیالۆگی کۆمەڵایەتیی".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ھاتووە: "لە ھەموو پانتاییەکی نیشتماندا، دەست لەناو دەست دەنێین، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیین کە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢دا و ھەروەھا لە ساڵانی داھاتوویشدا بۆ کاری وەبەرھێنان، بیناتنانەوە، پێشکەوتن، لەناوبردنی گەندەڵیی و دروستکردنی ئاشتیی دەکات".