Sarmand Hameed
25 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2023
هەولێر - AA
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قاوەچی رایگەیاند، رۆژی رۆژنامەگەری تورکمان رۆژێکی پیرۆز و قۆناغێکی گرنگی مێژووی رۆژنامەوانی پێکهاتەی تورکمانە و وەرچەرخانێکی رۆشنبیری گەورەیە.
مونا قاوەچی بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری تورکمان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە: "بەبۆنەی ٢٥ی شوبات، یادی پر شکۆی رۆژی رۆژنامەگەری تورکمان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تێکڕایی رۆژنامەنووسان و ئەدیب و نووسەران و رۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پێکهاتەی تورکمان بەتایبەتی دەکەین".
مونا قاوەچی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت "ئەم بۆنەیە رۆژێکی پیرۆز و قۆناغێکی گرنگی مێژووی رۆژنامەوانی پێکهاتەی تورکمانە و وەرچەرخانێکی رۆشنبیری گەورەیە".
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە ئاماژەدان بە مێژویی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی تورکمانی رایگەیاند "یەکەمین رۆژنامەی تورکمانی لە ٢٥ی شوباتی ١٩١١، بەناوی (الحوادث)، چاپ و بڵاوکرایەوە، کە دەورێکی باڵای هەبوو لە پاراستن و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی تورکمانی و فاکتەرێکی بەهێزبوو بۆ بەرەو پێشچوونی رەوشی رۆژنامەگەری تورکمانی و هەر لەو رێگەیەشەوە تواندراوە پارێزگاری لە بەها و داب و نەریت و کەلتور و رۆشنبیری تورکمانی بکرێت".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مونا قاوەچی هیوای خواستووە رۆژی رۆژنامەگەری تورکمان هاندەرێک بێت بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی رەوشی رۆژنامەگەری و میدیا بەگشتی و پتەوبوونی هەماهەنگیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان.